خه‌سرۆ گۆران: بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان سه‌ردانی به‌غدامان كردووه
ته‌نیا ده‌توانم بڵێم ئێمه له به‌غداین

K24 – هه‌ولێر:
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، به مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان گه‌یشته به‌غدا و له میدیای عه‌ره‌بیشدا باس له ره‌تكردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن كوتله كوردییه‌كانه‌وه ده‌كرێت.
سه‌رۆكی شانده‌كه، خه‌سرۆ گۆران له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سایتی كوردستان24 ره‌تیكرده‌وه هیچ زانیارییه‌ك له باره‌ی سه‌ردانی شانده‌كه بۆ به‌غدا بخاته‌ڕوو و رایگه‌یاند، ته‌نیا ده‌توانین ئه‌وه بڵێین ئێمه گه‌یشتووینه‌ته به‌غدا.
خه‌سرۆ گۆران گوتیشی: هێشتا ئه‌جێندای گفتوگۆ و سه‌ردانی لایه‌نه‌كانمان دانه‌ڕشتووه، بۆیه هێشتا زووه باسی سه‌ردانی شانده‌كه بۆ به‌غدا بكه‌ین و دواتر ورده‌كاری زیاتر ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی خه‌سرۆ گۆران، ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته به‌غدا و روانگه و دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان له باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته و پرسی یاسای هه‌ڵبژاردنی گشتیی له عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان تاوتوێ ده‌كات.
سه‌باره‌ت به بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان له باره‌ی ئه‌و پرسه و ئه‌و سیستمه‌ی له یاسای هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراقدا دیاریكراوه، خه‌سرۆ گۆران ته‌نیا به‌وه‌نده وه‌ڵامی دایه‌وه، كه دواتر زانیاری ده‌خه‌نه‌ڕوو.
سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی كاتی عێراق، مسته‌فا كازمی، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ خواستی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه داوای گۆڕانكاری له وڵات ده‌كه‌ن، رۆژی 6ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021ی ده‌ستنیشانكرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی له عێراقدا.
كوتله و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق گرفت و ناكۆكییان له‌سه‌ر مادده‌ی 15ی یاسای هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراق هه‌یه، كه باسی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی له‌و بازنانه كردووه.
بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه یاساییه‌ی رووبه‌ڕووی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه‌ته‌وه، یه‌كشه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دوای په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی به هۆی كۆرۆناوه، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی رێكخست.
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان، ناكۆكییه سیاسییه‌كان له باره‌ی ئالیه‌تی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتنه له باره‌یانه‌وه له هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، كه وایكرد، ده‌قی یاساكه به بێ ئه‌و مادده‌یه په‌سند بكرێت.
هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له چه‌ند رۆژی رابردوودا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و پرسی گۆڕینی پارێزگاكانی له یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌ك تاوتوێكرد، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پێشنیازه ره‌تكراوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له میدیاكاندا باسكراوه.
هه‌ندێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان داوا ده‌كه‌ن، هه‌ر كورسییه‌كی په‌رله‌مانی بكرێته بازنه‌یه‌ك. هه‌ندێك پێیان باشه هه‌ر قه‌زایه‌ك بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن بێت. هه‌ندێكیش بڕوایان وایه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ یاسا كۆنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه هه‌ر پارێزگایه‌ك بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن بووه.
له میدیای عه‌ره‌بییدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، كوتله كوردییه‌كان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه، بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن بچووك بكرێنه‌وه بۆ ئاستی قه‌زاكان و داوا كراوه، كار به یاسا كۆنه‌كه بكرێت و هه‌ر پارێزگایه‌ك یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، به‌ڵام به‌شێكی به‌رچاوی كوتله و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق ئه‌و بۆچوونه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، شێروان میرزا، رایگه‌یاندووه، هه‌ڵوێستی یه‌كێتی و زۆربه‌ی هێزه كوردییه‌كان ئه‌وه‌یه دابه‌شكردنی پارێزگاكان بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه. داوا ده‌كه‌ن كار به یاسای كۆنی هه‌ڵبژاردن بكرێت.
پێشتر كاتێك یاسای هه‌ڵبژاردن په‌سندكرا، به‌شێكی به‌رچاوی كوتله و فراكسیۆنه كوردییه‌كان به‌شداریان له دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كرد، یاخود ده‌نگیان به پرسی بچووككردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌دا.
به رای ئه‌و كه‌سانه‌ی چاودێری پرسه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش بكرێن بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا كورد له ناوچه دابڕاوه‌كان زیانی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه‌مترین كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستبهێنێت.