کۆمیسیۆن چوار لیژنە بۆ پاراستنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پێک دەهێنێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ مەبەستی پاراستنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، چوار لیژنە پێک دەهێنێت، لە نێویاندا لیژنەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هەیە.

سێشەممە 1ـی تەموزی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەیەکی بۆ ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا.

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن، دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پلانی ئەمنی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێ کرد و، دوو ملیۆن و 155 هەزار دەنگدەر داتاکانیان نوێ کردەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پەرەپێدانی پلانەکەیان بۆ پاراستنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چوار لیژنە بۆ ئەم مەبەستە پێک هێنران.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، لە نێو لیژنەکاندا، لیژنەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هەیە. گوتیشی: هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی لەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment