مەسعود پزیشکیان یاسای ڕاگرتنی هاوکارییکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاسای ڕاگرتنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد، کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکە پەسەند کرابوو.
چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد.
ئاماژەی بەوەش دا، دەرکردن و پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هات، هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکیان لەژێر ناوی "هەڵپەساردنی هاوکاری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" خستە ڕوو، دواتر بەپەلە پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا.
تاکە بڕگەی ئەم یاسایە دەڵێت: "لەبەرچاوگرتنی پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئێران لەلایەن ئیسرائیل ئەمەریکا، بەئامانجکردنی دامەزراوە ناوەکییە ئاشتیخوازەکان و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و بە پشتبەستن بە ماددەی 60ـی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیماننامەکان لە ساڵی 1969، حکوومەت پابەندە، دەستبەجێ لەگەڵ پەسەندکردنی ئەم بابەتە یاساییە، بۆ ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و سیستەمی پارێزبەندی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، تا ئەو کاتەی کۆمەڵێک مەرج جێبەجێ دەکرێن، لەوانە دەستەبەرکردنی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و زانا ئەتۆمییەکان."
پێشتر ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاساکەی پەسەند کردبوو، پاشان محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران یاساکەی پەسەندکرد، دواتر سەرۆک کۆماری ئاگادار کردەوە کە ئەویش ڕۆڵی خۆی ببینێت، کە دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بە فەرمی بڕیارەکە ڕابگەینێت.
ڕۆژی چوارشەممە، 25-6-2025، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.
لە کۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بە (بەڵێ) دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا، تەنیا دوو پەرلەمانتار دەنگیان (نەخێر) بوو. بە گوێرەی پرۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لە ئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکە و نوێنەرانی بکات؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.
شەممە، 28-06-2025، ڕۆژنامەی 'کەیهان'ـی نزیك لە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار كردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کرد.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردبوو، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زانیاریی نهێنی سەبارەت بە ناوەندە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی 'فۆکس نیوز' بانگەشەی ئەوەی کردبوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ـی لە شوێنە مێژووییەکانی ئیسفەهان شاردووەتەوە.
دواتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: داواكاری ئێران بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم قبووڵکراو نییە و ئیدانەی دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوش کردووە، پشتگیریی لە هەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەکانی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.
هاوکات بەهۆی هەوڵەکانیان و پیشەییبوونیان ستایشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی كرد.
ڕوبیۆ داواش لە ئێران دەکات ئاسایش و سەلامەتی کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دهستهبهر بکات.