هاووڵاتییانی ئێران ترسیان لە دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە
وێڕای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاووڵاتییانی ئێران لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ و دووبارە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان نیگەرانن، بەشێک لە هاووڵاتییان پێیان وایە، ئێران نابێت چاوەڕیی ئیسرائیل بێت، بەڵکو ئەمجارە دەبێت بۆ جەنگ دەستپێشخەر بێت، بەشێکی دیکەی هاووڵاتییانیش پێیان وایە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی دیکەدا، پێویستە زۆر بە توندی وەڵام بدرێنەوە.
حەوت ڕۆژە، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوە، بەڵام هێشتا مەترسیی جەنگ لەسەر خەڵکی ئێران نەڕەویتەوە، دەسەڵاتدارانی تاران دەڵێن: گومانیان لە بەردەوامبوونی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە هەیە، هەندێ لە هاووڵاتییانی ئێران پێیان وایە لەئەگەری دووبارە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێت زۆر بە توندی وەڵام بدەنەوە.
هاووڵاتییەکی ئێرانی دەڵێت: نابێت بووەستین تا ئەوان هێرش دەکەن، دەبوو هەر پێشتر لێیان بدەین و شڕیان بکەین، نابێت لە بەرانبەر ئەوانە شلی بکەین بۆ ئەوەی ژن و منداڵی ئەم گەلە دیل بکەن و وەک خەڵکی غەززەمان لێ بکەن.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: من وەک ئێرانییەک پێم وایە دەبێت وەڵامی توندی ئیسرائیل بدەینەوە، وەڵامێک ددان شکێن بێت، ئەم هەموو زانا و مامۆستای زانکۆیەیان لەناو برد، ئێستا دەڵێن وەرن دانووستان بکەین، ئیدی دانووستان چ واتایەکی هەیە و دەیانەوێت چ بڵێن.
لە بارودۆخێکدا پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی پەسەند کردووە و حکوومەت دەڵێت ئەم یاسایە جێبەجێ دەکات، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندووە، ڕێگە بە پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی و بەتایبەت سکرتێری گشتی ئەو ئاژانسە نادەن جارێکی دیکە بێنەوە ئێران، هاووڵاتییانی ئێرانیش پشتیوانیی لەم هەڵوێستەی حکوومەتی وڵاتەکەیان دەکەن.
هاووڵاتییەکی دیکەی ئێران دەڵێت: دەیانەوێت تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی لە ئێمە بستێننەوە کە ئەمە قەبوڵکراو نییە، ئەم هەموو زانا ئەتۆمییە ئەزیەتییان کێشاوە تاوەکو ئەوەمان بەدەستهێناوە، ئێستا چۆن دەتوانن لێمان بستێننەوە.
سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی هۆشدارییان داوەتە ئێران، ئەگەر بە خێرایی لەسەر کۆنتڕۆڵی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک نەکەوێت، سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەگەڕێننەوە سەر ئەم وڵاتە، ئەمەش ئەو شتەیە کە ڕەنگە لە فڕۆکەکانی ئیسرائیل زیاتر، زیان بە ئابووری ئێران بگەیەنێت.