کرملین پێشوازیی لە بڕیاری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا دەکات

کرملین پێشوازیی لە بڕیاری ئەمەریکا کرد بۆ ڕاگرتنی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا و پێی وایە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە زووترین کاتدا.

چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، حکوومەتی ئۆکرانیا لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆیان، باڵیۆزی ئەمەریکای لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا هۆشداریی داوە لە کەمکردنەوە و دواخستنی،  یاخود نەناردنی توانا بەرگرییەکان، ئاماژە بەوەش دەکات، ڕاگرتنی ئەو هاوکارییە سەربازییە هانی لایەنی بەرانبەر دەدات بەردەوامیی بە جەنگ بدات، دەشڵێت: بەردەمیدان بە پڕ چەککردنی ئۆکرانیا، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕێگریی لە ڕووسیا بکرێت هێرشەکانی زیاد بکات، هاوکات فشار بۆ چارەسەری ئاشتی لەبری جەنگ دروست دەکات.

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئۆکرانی بە ئاژانسی(فرانس پرێس)ـی ڕاگەیاندووە، بارودۆخی مەیدانی جەنگ زۆر گۆڕانکاری بەسەردادێت دوای وەستاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا، ئەو سەرچاوە سەربازییە نەیشاردەوە ، بەشێوەیەکی سەرەکی لە جەنگەکەیان لەگەڵ ڕووسیا، پشت بە چەکی ئەمەریکا دەبەستن، دەشڵێت: ئەوروپا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پشتیوانی کردنی ئۆکرانیا، بەڵام بێ پشتیوانیی ئەمەریکا، دۆخەکە سەخت دەبێت.

دیمیترۆ لیفین، ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکرانیا هەوڵ دەدات ڕوونکردنەوەیەک لە ئەمەریکا وەربگرێت لەبارەی شێوە و سنووری بڕیارەکە، بە ڕۆژنامەنووسانیشی ڕاگەیاند: بڕیارەکەی ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە.

جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی ئەمەریکا لە پیشینەی کارەکانمانە، ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرین.

ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە 'سی بی ئێس نیوز'ـی ڕاگەیاندووە، "بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوە بێت بڕیارەکە دراوە، ئەمەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانییە سەربازییەکان و هاوکارییەکانی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان بووە."

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە هەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە، ئەم هەنگاوە بەهۆی کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی ئەمەریکاوە بووە.

ئیدارەی ترەمپ، ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە ڕاگرتنی هەناردەی چەک بۆ ئۆکرانیا، کام جۆر چەک دەگرێتەوە.