عراقچی: تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت

چوارشەممە، 2ـی تەمموز 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تۆڕی هەواڵی 'سی بی ئیس' ی ڕاگەیاند، حکوومەتی ئێران بەرنامەکانی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرێت، بەڵام هیچ نیازێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە. دەشزانین ئامانجی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زانایانی ئێمە لە پێناو پیتاندنی یۆرانیۆمدا ئەرک و سەختیی زۆریان کێشا، حکوومەت و گەلی ئێرانیش زیاتر لە 20 ساڵ لە بەرانبەر ئابڵۆقەی ئابووریدا خۆیان ڕاگرت، ئێستەش لەو پێناوەدا دەجەنگین؛ شەڕی قورسی 12 ڕۆژەشمان بەو هەموو قوربانی و وێرانکارییەوە هەر بۆ ئەوە کرد. بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، شانازی و سەربەرزیی گەلی ئێمەیە و بێگومان دەستبەرداری نابین.
عراقچی، دەربارەی ئەو زیانانەی بەر پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ گەیشتوون، گوتی: هیچ کەسێک زانیاریی ورد و ڕاستی لەو بارەیەوە نییە و نازانرێ لە فۆردۆ چی ڕووی داوە. بەڵام من تەنیا ئەوەندە دەزانم زیانی زۆر و جیددی بەرکەوتووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیانەکانی پێگەی فۆردۆیە و دواتر ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەوە دەداتە حکوومەت.
بەرەبەیانی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، هێری ئاسمانیی ئەمەریکا، بە فڕۆکەی جۆری بی 2، هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـی بۆمباران کرد.