ئەمەریکا.. کاترازی تیمساح، پێشوازیی لە کۆچبەرە نایاساییەکان دەکات

دوێنێ، سێشەممە، 1ـی تەمموز 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ناوەندێکی تازەی بۆ  دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە فلۆریدا کردەوە. ناوەندەکە، جێگەی نزیکەی 3000 کەسی تێدا دەبێتەوە.

پێگەی هەواڵی بی بی سی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، بە هاوڕێیەتی کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ و ڕۆن دیسانتس، حاکمی فلۆریدا، ئەو ناوەندەی کردووەتەوە و سەردانی بەشەکانی کردووە. ناوەندەکە، دەکەوێتە ناوچەیەکی زۆنگاوی پڕ لە تیمساح و مار، بۆیە ترەمپ بە گاڵتەوە گوتی: ئەگەر کەسێک بیەوێت لەم ناوەندە هەڵبێت، دەبێ خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیمساحەکانیش ئامادە بکات!

ناوەندەکە جێگەی 3000  هەزار کۆچبەری تێدا دەبێتەوە، لە داهاتوودا بەشێکی دیکەی بۆ زیاد دەکرێت کە جێگەی 2000 کەسی دیکە دابین دەکات. بڕیارە ئەمڕۆ، چوارشەممە، یەکەم کاروانی کۆچبەرانی نایاسایی بگاتە ناوەندەکە.

ترەمپ، کاتێک لە گەرما و شێی لە ڕادەبەدەردا، بەشەکانی ناوەندەکەی بەسەر کردەوە، گوتی: ئێمە لێرە، ترسناکترین شەڕانیترین مرۆڤی سەرزەوی دەستبەسەر دەکەین. تیمساح و مارەکانی ئەم ناوچە زۆنگاوییە، ڕێگریی لە هەر جۆرە هەوڵێکی هەڵاتن دەکەن. جگە لەوانەش، پۆلیس و پاسەوانانی ناوەندەکە هەمیشە ئامادە و چاوکراوەن.

ڕۆن دیسانتس، حاکمی فلۆریدا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وای نیازە ژمارەیەک لە پاسەوانانی تیپی بەرگریی نیشتمانیی ویلایەتەکە، بۆ پارێزگاریی ناوەندەکە دابمەزرێنێت. 

کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ گوتی: ئەوانەی لێرە دەستبەسەر دەکرێن، ڕێوشوێنی یاساییان بۆ جێبەجێ دەکرێت تاکوو بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. 

دۆناڵد ترەمپ، ڕەزامەندیی لەسەر قسەکانی حاکمی فلۆریدا و وەزیری ئاسایشی ناوخۆ دەربڕی و گوتی: دڵنیام ئەم دامەزراوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment