عراقچی: گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆم پشتگوێ دەخات.
چوارشەممە 2ـی تەموزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لە میانەی پۆستێکدا وەڵامی کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەرووپای دایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: یەکێتیی ئەورووپا پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی پشتگوێ دەخات. گوتیشی: بەشداری و ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی ئەندام و بەریتانیا لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا بێ بایەخ و بێ مانا دەبێت.
جەختی لەوەش کردەوە، گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.
سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کەناڵی تێلێگرامەکەی نووسیبووی: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، هۆشداریی دا کە هەندێک وڵاتی ئەورووپا ڕۆڵی تێکدەر لە ناوچەکە دەگێڕن.
هەروەها ڕەخنەی لە هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا گرتبوو، بەهۆی ئەوەی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە لایەنگری ئیسرائیل و ئەمەریکایان کردووە.
لای خۆیەوە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: دەبێت هەماهەنگییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران دەست پێ بکاتەوە.
هۆشداریشی دابوو، هەڕەشەی کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکان نادات.