لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەندکراوان چەندین ڕاهێنان و خولی تایبەت وەردەگرن

لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی گەوران و ژنان و منداڵان هەن، لەنێو چاکسازییەکانیش بەندکراوان ڕاهێنان و خول بۆ فێربوون و شارەزابوونی چەندین کار و پیشە وەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی تەمووزی 2025، خالید محەممەد، گوتەبێژی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سەرجەم چاکسازییەکان بەرگدرووری تایبەت هەن بۆ دروونی جلوبەرگی بەندکراوان، سەرجەم پێداویستییەکان وەک مەکینە و ئوتوو بەخۆڕایی بۆیان دابین دەکرێت.
گوتەبێژی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی:هەموو ئەو بەندکراوانەی خولیایی کاری بەرگدووری یان دارتاشی یان هەر کارێکی دیکەیان هەبێت خول و ڕاهێنانی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە، جلوبەرگی کوردی بۆ بەندکراوان دەدروون و بەنرخی کەمتر لە 50٪ـی بازاڕ دەفرۆشن.
باسی لەوەش کرد، سەرقاڵبوونی بەندکراوان بەم کار و پیشانە، مۆراڵێکی باشتریان پێ دەدات و دەبێتە هاندەر بۆ شارەزابوونی لە چەندین پیشە و کاری تایبەت.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی گەوران و ژن و منداڵان هەیە، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بڕیار وایە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چاکسازی گەوران بکرێتەوە، ژمارەی بەندکراوانیش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزارە.