نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان نۆژەن دەکرێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، بەردی بناغەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان لە هەولێر داندرا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت: نەخۆشخانەکە بە کوالێتیی بەرزتر و ئامێری پێشکەوتووتر دەکەوێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان.

لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژانە نزیکەی 110 منداڵ لە نەخۆشخانەکە لەدایک دەبن و زیاتر لە 40 نەشتەرگەریش دەکرێت.

سامان بەرزنجی ڕایگەیاند: بە نزیکەی 2 ملیار و 400 ملیۆن دینار پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان جێبەجێ دەکرێت کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بڕە پارەکە داوە، دەشڵێت: کۆمپانیا 280 ڕۆژی لەبەردەستە بە کوالێتی بەرز و ئامێری پێشکەوتوو پرۆژەکە جێبەجێ بکات.

لەبارەی کەمی ستافی تەندروستییەوە، سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، دوو هەزار و 981 کەس لە ستافی تەندروستی نەخۆشخانەکانی کوردستان خانەنشین بوون، لەگەڵ ئەوەی نزیکەی 13 هەزار کەس پێویستی ستافی تەندروستیی لە 2014ـەوە بۆ نەخۆشخانەکان هەیە، بەو ڕێژەی ئێستای خانەنشین بوونیش دەگاتە نزیکەی 16 هەزار کەس کە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان پێویستن.

وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد کە، نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش 7 حاڵەت تا ئێستا تۆمارکراوە کە یەکیان مردووە، دەڵێت: ئێستا نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و شەش لەتووشبووان چارەکراون و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.