ئایشەگول دۆغان: هەفتەی داهاتوو پرۆسەی چەکدانان دەست پێدەکات

گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت: هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی چەکدانان دەست پێدەکات و دەچینە قۆناغێکی نوێوە، پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: رۆژانی داهاتوو بۆ پرۆسەی چەکدانان زۆر گرنگ و مێژوویە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە ئێمە دراون ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەست پێکردنی پرۆسەکە، دەچینە نێو قۆناغێکی نوێوە، لەماوەی هەفتەی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەنرێت و هەموان شاهێدی ساتی مێژوویی دەبن.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی:پرۆسەکە لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەم هەنگاوانە بەپێی راسپاردەکانی کۆنگرەی پەکەکەیە و جێ بەجێدەکرێت. دەتوانین بڵێین خەریکە دەچینە نێو قۆناغێکی نوێ. بێگوومان لایەنێکی ئەم قۆناغەش ئەو کۆمیسیۆنەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمان دامەزرێت.
هەروەها گوتیشی: کۆدەنگییەک سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان دروست بووە، کۆمسیۆن ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت سەبارەت بەوەی کە لەمەودوا چی بکرێت بۆ پرۆسەکە.
هاوکات ڕۆژنامەی 'حوڕییەت' و ماڵپەڕی 'میزیۆپۆتامیا' بڵاویان کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەردەوامە؛ پێشبینی دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی نوێ لەبارەی چەکدانان ئاراستەی سەرکردایەتیی پەکەکە بکات و ئەوانیش بە کردەیی بەدەم پەیامەکەییەوە بێن و گروپێک لە پەکەکە، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی ڕێکخراودا، چەکەکانیان دابنێن.