ئەسۆشیەتت پرێس: پەکەکە چەکەکانی لەناودەبات نەوەک ڕادەستی بکات

ئاژانسی ئەسۆشیەتت پرێس ئاشکرایکردووە، پەکەکە چەکەکانی لەناو دەبات، نەوەک ڕادەستی بکات، ڕاشیدەگەیەنێت: پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە 10 بۆ 12ـی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات.

ئاژانسی ئەسۆشیەتت پرێسی ئەمریکی لەسەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە باسی لەوەکردووە، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە لەنێوان 10 بۆ 12ـی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێبکات، ئەمەش دەبێتە یەکەمین هەنگاوی چەکدانان و نیشاندانی نیازپاکی لەلایەن پەکەکەوە بەرانبەر بە تورکیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئەمریکییە، پەکەکە چەکەکانی لەناودەبات نەوەکو ڕادەستیان بکات، ئەوانەشی لە یەکەمین هەنگاو چەکدادەنێن لەنێوان 20 بۆ 30 ئەندامن.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، دوێنێ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: رۆژانی داهاتوو بۆ پرۆسەی چەکدانان زۆر گرنگ و مێژوویە، بەگوێرەی ئەو  زانیارییانەی کە بە ئێمە دراون ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەست پێکردنی پرۆسەکە، دەچینە نێو قۆناغێکی نوێوە، لەماوەی هەفتەی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەنرێت و هەموان شاهێدی ساتی مێژوویی دەبن.

 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە کە پەیامی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بوو، ئەمەش بووە هەنگاوی کۆتایی هێنان بە چالاکیی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە).