حەماس: تاوتوێی پێشنیازی ئاگربەست بۆ غەززە دەکەین

بزووتنەوەی حەماس ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکەدا تاوتوێی پێشنیازی ئاگربەست بۆ غەززە دەکات.

حەماس لە بەیاننامەیەک لە پلاتفۆڕمی تێلێگرام ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بزووتنەوەکە بە کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی دژی گەلەکەمان و دەستەبەرکردنی چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان، بزووتنەوەکە ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردەکانی هێز و لایەنە فەڵەستینییەکان دەکات، سەبارەت بەو پێشنیازەی کە لە برایانی نێوەندگیری وەریگرتووە.

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای کۆتاییهاتنی ڕاوێژکارییەکان بڕیاری کۆتایی دەداتە ناوبژیوانان و بە فەرمی ڕایدەگەیەنن".

لای خۆیەوە یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند، "پێشنیازێک لەسەر مێزەکە هەیە، پێشنیازێکی گرنگ و جێبەجێکردنە. پێشنیازێکی بەشێکە، چونکە باس لە بەشێک لە بارمتەکان دەکات و ئەمەریکا پاڵ بەو پێشنیازە دەنێت و ئیسرائیلیش ڕەزامەندی دەربڕیوە".

لاپید دەشڵێت، "ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بە جیهانی عەرەبی و هەموو کەسێکی خاوەن کاریگەر، هەموو وڵاتێکی عەرەبی و هەموو وڵاتانی ناوچەکە،  پێویستە هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ پاڵنانی حەماس بۆ قبوڵکردنی ئەو ڕێککەوتنە. ئەمەش بۆ بەرژەوەندی خەڵکی غەززە و گەلی ئیسرائیل و بارمتەکان و بێگومان هەموو ناوچەکەیە". 

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ڕوونیشیکردەوە، "ئەگەر حەماس چەکەکانی دابنێت، ئەگەری هەیە لەماوەی 24 کاتژمێردا شەڕ کۆتایی پێبێت، حەماس بۆ کڕینی چەک هاوکاریی مرۆیی فرۆشت، ئێمە شەڕی حەماس دەکەین، نەک خەڵکی غەززە، شەڕی کەرتی غەززە هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە، هەروەها بەزەیی بە دانیشتووانی غەززەدا دێتەوە".

لاپید جەختی لەوە کردەوە، حەماس ناتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات، بۆیە دەبێت کاربکەین بۆ یەکلاییکردنەوەیەک، دڵنیابێت لەوەی حەماس غەززە کۆنترۆڵ نەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment