ڕوبیۆ بۆ شەیبانی: سزای سەر ئەسەد و پیاوەکانی لانادەین

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڵێنیدا چاو بە لیستی تیرۆردا بخشێننەوە، بەتایبەت لەو پرسانەی پەیوەستن بە سووریاوە. 

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ڕوبیۆ لەگەڵ شەیبانی گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردووەتەوە، سزاکان لەسەر لایەنە"پیسەکان" وەک بەشار ئەسەد و پیاوەکانی، دەمێننەوە و لانادرێن.

مارۆک ڕوبیۆ بۆ شەیبانی ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئیمزای لەسەر بڕیارێک کردووە بۆ لابردنی سزاکان لەسەر سووریا کە لە بنەڕەتدا بۆ سزادانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە بووە بەربەستێک لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دوای شەڕی ناوخۆیی.

ڕۆژی دووشه‌ممەی 30ـی حوزه‌یرانی 2025، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری هه‌ڵگرتنی سزاكانی له‌سه‌ر سووریا ئیمزا كرد و ڕایگه‌یاند، حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، هەنگاوی ئەرێنی ناوە.