سوپای ئیسرائیل چووە نێو سووریا
سوپای ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی حەوزی یەرموک لە دەورووبەری پارێزگای دەرعا، چووە نێو باشووری خاکی سووریا.
تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، 6 ئۆتۆمبێلی سەربازیی سووپای ئیسرائیل چوونەتە نێو گوندی سەیسون لە حەوزی یەرموک، لە ڕۆژئاوای دەرعا.
پێگەی هەواڵی ناوخۆیی(تجمع أحرار حوران) بڵاوی کردووەتەوە، هێزێکی دیکەی سەربازیی ئیسرائیل کە پێکهاتبوون لە سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، چوونە نێو یەکەیەکی سەربازیی سەر بە لیوای 112ـی ڕژێمی پێشووی سووریا لە دەورووبەری گوندی(عين ذكر) لە حەوزی یەرموک.
پێگە هەواڵییەکە ئاشکرای کردووە، ئەمە دووەم جارە هێزی ئیسرائیل دەچنە نێو ئەم یەکە سەربازییە لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، لەوێ کاری تێکدەرانە دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێگە هەواڵییەکە، سوپای ئیسرائیل ئەو 3 هاووڵاتییە سوورییەی دوای دەستگیرکردنیان لە باخێکی باشووری قونەیترە، ئازاد کرد.
چوارشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی ئیسرائیل چوونە نێو باخێکی گوندی قونەیترە و سێ هاووڵاتییان دەستگیر کرد، ئەو کات ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەو سێ هاووڵاتییە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
تۆڕی هەواڵی دەرعا 24 بڵاوی کردەوە، هێزێکی ئیسرائیل کە لە دوو تانک و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی پێکهاتبوون، چوونەتە نێو گوندی دەرعا و چەند ماڵێکی گوندەکەیان پشکنیووە، سەرباری ئەوەش، سوپای ئیسرائیل چوونەتە نێو گوندی روەیحینە لە دەورووبەری قونەیترە و ماڵەکانی ئەو گوندەشیان پشکنیووە، بە گولـلە زۆرینەی کەلوپەلەکانی ئەو ماڵانەیان شکاندووە.