موقتەدا سەدر: ئەوەی دەتوانێت با بەشداریی هەڵبژاردن نەکات

موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ئەمڕۆ هەینی 4ـی تەممووزی 2025 دووپاتی کردەوە، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق ناکەن تاکوو میلیشیاکان هەڵدەوەشێندرێنەوە.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی شیعە لە پەیامێکدا ئەمڕۆ بە پێنووس و لەسەر کاغەزێک نووسیوویەتی: ئەوەی دەتوانێت با بەشداریی نەکات، ئەوەی ناشتوانێت، با ڕێگەی چێژی دەسەڵات بگرێتەبەر، دەشڵێت: "ڕاستی جێگیر نابێت، درۆش شکست ناهێنێت، تەنها بە ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس و گرەنتی کردنی سەربەخۆیی و ملکەچنەکردنی عێراق، هەروەها  بەدواداچوونی ڕژد بۆ چاکسازیی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران نەبێت".

موقتەدا سەدر لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداریی داوە و دەڵێت: ئەوەی شاراوەتەوە، گەورەترە.

ڕۆژی 27ـی ئاداری 2025، موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاندبوو "بەشداریی پرۆسەی داهاتووی سیاسی عێراق ناکات کە تەنیا لە پێناو بەرژەوەندیی تائیفی و حزبییە."

9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.