پزیشکیان لە لوتکەی ئیکۆ: ڕێگریمان لە فراوانبوونی جەنگ کرد

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە حەڤدەهەمین لوتکەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووریی نەسراو بە (ئیکۆ) لە ئازەربێجان ڕایگەیاند، لە جەنگیی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل، هێزەکانی ئێران بە ڕەچاوکردنی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگرییان لە خاک و گەلی ئێران کرد و وانهیهكی وەهایان بە دەستدرێژیکاران دا و ڕێگربوون لە فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکە.
ئاژانسی ئیرانا بڵاوی کردووەتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 4ـی تەممووزی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە گوتارێکدا لە 17هەمین لوتکەی ڕێکخراوی سەرانی ئیکۆ، لە شاری خانکەندی ئازەربێجان ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمەریکا بە هێرشکردنی سەر ئێران پێشێلی بڕگەی چواری ماددەی دووی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، لەو 12 ڕۆژەی جەنگ ئیسرائیل هێرشی تاوانکارانەی کردە سەر خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە ئاشتییانەکانی ئەتۆمیی ئێران، کە لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بوو.
هەر له گوتارەکەیدا، پزیشکیان پێشنیازی کرد، ناوەندێکی تایبەتی ژیری دەستکرد لە ئاستی ناوچەکە دامەزرێت و پەرەی پێ بدرێت، هەروەها ئاماژەی بە پەرەپێدانی گەشەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە کرد و جەختی لە جێبەجێکردنی پلانی 2035 گەشتیاریی کردەوە. هاوکات گوتیشی: ئاسایشیی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئاسانکاریی پێدانی ڤیزا، بەشێکن لە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاری وڵاتانی ناوچەکە و ئەندامانی ڕێکخراوی ئیکۆ.
بە گوێرەی ئاژانسی فەرمی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەراوێزی لوتکەکە لەگەڵ هەر یەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربێجان گفتوگۆی کردووە و باسی لە ژمارەی قوربانیانی جەنگیی 12 ڕۆژەی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئیسرائیل و مافی بەرگریی وڵاتەکەی کردووە.
هەروەها سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی ڕێکخراوی ئیکۆ، وڵاتانی ناوچەکە و ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کردووە، کە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران کردووە و هەڵوێستیان نواندووە.
ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووریی ناسراو بە (ئیکۆ) لە ساڵی 1984 بە هاوبەشی لەلایەن وڵاتانی ئێران، پاکستان و تورکیا بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و هاوکارییەکانی نێوان دامەزراوە و ئێستاش ئەندامانی ڕێکخراوە فراوان بووە و هەر یەک له ئازەربێجان، ترکمەنستان، ئەفغانستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، قیرغزستان بوونەتە بەشێک لە ڕێکخراوەکە، چالاکییەکانی لوتکەکەش لایەنهکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هاوکارییەکانی دیکەی نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکە دەگرێتەوە.
