بکوژی شۆفێری تاکسییەکەی هەولێر دەستگیر کرا

دوای ئەوەی دوێنێ شەو کەسێک شوفێرێکی تاکسی لە هەولێر کوشت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
هەینی 4ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا، ڕایگەیاند: دوێنێ شەو لە شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر، کەسێک بە چەقۆ شۆفێری تاکسییەکی کوشت و دوای ئەنجامدانی تاوانەکەش بە خێرایی شوێنەکەی جێهێشت و خۆی ون کرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانی پۆلیس هەر زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ناسنامە و شوێنی تۆمەتبار ئاشکرا بکەن.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاشکرای کرد، تۆمەتبارەکە بە ڕەگەز سوورییە و سێ ساڵە لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، لەسەر شەقام کاری گووڵفرۆشی کردووە، هەروەها سەرەتا پلانی کوشتنەکە دادەڕێژێت و دەچێتە نێو مارکێتێک چەقۆیەک دەکڕێت و دواتر تاوانی کووشتنەکە ئەنجام دەدات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، کاتژمێر 8:30 خولەکی بەرەبەیان، توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.