هێزێکی عێراقی هەوڵی چوونە نێو کێڵگەی نەوتی قەمبەر دەدات و پێشمەرگەش دەکەوێتە ئامادەباشی

هێزێکی سوپای عێراق، بە مەرامی دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەی نەوتی قەمبەر لە نێوان کفری و قەرەتەپە، جوڵەی کردووە و هێزەکانی پێشمەرگەش لە سنوورەکە کەوتوونەتە ئامادەباشی تەواو.
لەمبارەوە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ دوو سەرچاوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان قسەی کردووە و زانیاریی وردی لەسەر جوڵەی هێزەکەی سوپای عێراق وەرگرتووە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 4ـی تەممووزی 2025، سوپای عێراق، هێزێکی بەرەو کێڵگەی نەوتی قەمبەر جوڵاندووە بە مەبەستی چوونە نێو کێڵگەکە و دەست بەسەرداگرتنی، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە هەردوو لیوای 17 و سێ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کەوتوونەتە ئامادە باشی تەواو بۆ ڕێگری لەسەر سنووربەزاندنێکی هێزەکەی سوپای عێراق.
یەکێک لە سەرچاوەکانی پێشمەرگە بە هەرێم جافی ڕاگەیاندووە، بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێگە لە پێشڕەوییەکی هەر هێزێکی عێراق لە ناوچەکە و سنوورەکە دەکەن و ئاسایشی ناوچەکە و کێڵگە نەوتییەکە دەپارێزن.
جوڵاندنی هێزی عێراق بۆ کێڵگەی نەوتی قەمبەر لە کاتێکدایە، کۆتاییەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانی سوپای عێراق بە چەکی قورسەوە بە پاساوی ڕاوەدونانی چەکدارانی داعش، سنووری بۆشایی ئەمنیی نێوان سوپای و هێزی پێشمەرگەیان بەرەو کێڵگەی نەوتی قەمبەر بەزاند، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە دەورە دران، ڕێگریان لێ کرا لەو سەنگەرانەی دایاننابوو بمێننەوە و بە ناچاری کێڵگە نەوتییەکەیان چۆڵکرد و پاشەکشەیان کرد.