تۆمەتێکی نوێ ئاراستەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەکرێت

تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی زانکۆ ئاراستەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دەستگیرکراوی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کرا.

هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی میللەتی تورکی بڵاوی کردەوە، داواکاری گشتیی تورکیا تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی زانکۆی ئاراستەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دەستگیرکراوی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کرد، کە 30 ساڵ لەمەوبەر بەدەستی هێناوە.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاندووە، ئەو تۆمەتەی کە تایبەتە بە ساختەکردنی بڕوانامەی زانکۆ، وا دەکات ماوەی زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو بۆ ماوەی هەشت ساڵ و نۆ مانگ درێژ بکرێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، زانکۆی ئیستانبوڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی 28 دەرچووی ڕاگەیاند، لە نێویاندا بڕوانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەبوو، هۆکارەکەشی بۆ نەگونجانی لەگەڵ ڕێسا و ڕێنمایەکانی دەستەی خوێندنی باڵا گەڕاندەوە و ئاماژەی داوە، ساڵی 1990 ساختەکاری لە مامەڵەی دابەزاندن بۆ بەشی ئینگلیزیی زانکۆکە کراوە.

بەرەبەیانی چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنی تورکیا هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و بە تۆمەتەی گەندەڵی دەستگیریان کرد.

 
Fly Erbil Advertisment