ترەمپ: ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و بەوەش ڕازی نییە چاودێرانی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی پشکنین بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی بکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەنێو فڕۆکە تایبەتییەکەی سەرۆکایەتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دووچاری پاشەکشێ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ پێی وابوو ئەگەری هەیە، ئێران جارێکی دیکە و لە شوێنی جیاوازدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، لە کاتی سەردانی بۆ کۆشکی سپی، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پرسی وزەی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ دەکات.

دوێنێ هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردبووەوە، بەهۆکاری ئەمنی، تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیان بەجێهێشت و گەڕانەوە، بەمەش کۆتاییان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانسەکە و ئێران هێنا.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.