مەسرور بارزانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازی لە كازمی كرد
مستەفا كازمی گەیشتە ھەولێر
K24 – ھەولێر
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە ھەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و شاندێكی ھەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازی لێكرا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 یەكەم دیداری ئەمڕۆی كازمی لە ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەبێت و گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق دەكەن.
پەیامنێری كوردستان24 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند، كۆبوونەوەی دووەمی كازمی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەبێت كۆمەڵێك پرسی گرنگ تاوتوێ دەكەن، گرنگترینیان رێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، كە ئێستا لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبوونەتەوە.
شاندی حکومەتی فیدراڵی پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، نەوت، کۆچ وکۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی.
بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای دھۆك بكات لەوێ دەچێتە قەزای زاخۆ و دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل، ھەروەھا سەردانی كەمپی قادیای ئێزدییەكان بكات. بڕیاریشە سەرۆك وەزیرانی عێراق سبەی سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات.
دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمە یەكەم سەردانی مستەفا كازمییە بۆ ھەرێمی كوردستان، كە ھاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆكانی ھەردوولا بۆ رێككەوتن لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا. لە چەند رۆژی رابردووش شاندی ھەردوولا كۆبوونەتەوە و چەند لیژنەیەكی لاوەكی لەنێوان پێكھێندراوە. بەگوێرەی زانیارییەكان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە و دیدار و كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆش بۆ ئەم رێككەوتنە یەكلاكەرەوە دەبێت.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)