غەززە.. کەمیی شیر، هەڕەشە لە ژیانی منداڵان دەکات

ئافرەتێکی فەلەستینی و منداڵە ساواکەی
ئافرەتێکی فەلەستینی و منداڵە ساواکەی

پزیشکەکانی کەرتی غەززە هۆشداری لەوە دەدەن کە سەدان منداڵی ساوا لەبەر کەمیی شیر، هەڕەشەی مردنیان لەسەرە، چونکە ئیسرائیل ڕێگە لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆڤایەتییەکان بۆ کەرتەکە دەگرێت.

دکتۆر ئەحمەد ئەلفەرا، سەرۆکی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناسر لە خان یوونس، بە ڕۆژنامەی زە گاردییانی ڕاگەیاند "تەنیا بەشی یەک هەفتە شیری منداڵانیان لە خەستەخانەکەدا ماوە. شیری تایبەتیی بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان بە چاودێریی پزیشکییە، نەماوە و ناچار، شیری ئاسایی دەدەنە ئەو منداڵانە."

دکتۆر ئەلفەرا، کە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڕۆژنامەی زە گاردییان، قسەی دەکرد، گوتی: ناتوانم وەسفی خراپیی بارودۆخی خەستەخانەکەمان بکەم. تەنیا بەشی یەک هەفتە شیری منداڵانمان ماوە. شیری تایبەتیی منداڵانی تازە لەدایکبوو، ئەوانەی پێویستیان بە چاودێریی پزیشکییە، نەماوە. 

ئیسرائیل بە ڕادەیەکی کەم نەبێت، لێ ناگەڕێت هاوکارییە مرۆڤایەتییەکان بگەیەنرێنە غەززە. ئەو هاوکارییانەش کە دەگەن، شیری منداڵانیان تێدا نییە.

هەنا ئەلتەویل، ئافرەتێکی تەمەن 27 ساڵانە و دایکی پێنج منداڵە و لە ئۆردووگای نەصیرات دەژی، دەڵێت: لەبەر کەمخۆراکی نەمتوانیوە بە شیری خۆم منداڵەکەم بەخێو بکەم، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە، چونکە شیری تایبەت بۆ منداڵان، لێرە زۆر بە زەحمەت دەست دەکەوێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment