سوپای ئیسرائیل باشوووری لوبنانی بۆمباران کرد

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە دوو هێرشی جیاوازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیدا کەسێک لە شارۆچکەی بنت جەبیل کوژرا و کەسێکیش لە شارۆچکەی شەعبا بریندار بووە. ئەو دوو شارۆچکەیە دەکەونە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائلیش ئەمڕۆ، شەممە 5ـی تەممووز، 2025 ڕایگەیاند "بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چوار ئەندامی حزبوڵڵامان لە باشووری لوبنان کوشت و بریندار کرد."
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانیدا، لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، هێشتا سوپای ئێسرائیل، بەردەوام، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی زەمینی، پەلاماری باشووری لوبنان و دەوروبەری بەیروت دەدات؛ جگە لەوەش سوپای ئیسرائیل پێنج بنکەی لە بەرزاییەکانی باشووری لوبنان جێگیر کردووە.
هیچ کام لە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان و سوپای ئیسرائیل، ناو و پێگەی ئەو ئەندامانەی حزبوڵڵای لوبنانیان ڕانەگەیاندووە کە لەو هێرشەدا بوونەتە قوربانی.