بن گڤیر: پێویستە کەرتی غەززە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت

ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، لە ئاگربەستی پێشنیازکراوی غەززە بکشێتەوە، کە بە "ڕادەست بوون" ناوی بردووە.

لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بن گڤیر، وەزیری ڕاستڕەوی توندڕەو داوای "گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە"ی کرد.

گوتیشی: تاکە ڕێگا بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە و گەڕانەوەی بارمتەکانە بە سەلامەتی و کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززەیە، هاوکات ڕاگرتنی هەموو هاوکارییە مرۆییەکان و کۆچکردنی خەڵکی غەززەیە.

بن گڤیر ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ڕاستەقینەی شەڕەکە "ڕووخانی حەماسە"، کە ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکە "ئیسرائیل لە ئامانجەکەی دووردەخاتەوە و پاداشتی تیرۆر دەکات".

هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕێگەدان بە بڕێکی زۆر هاوکاریی بۆ غەززە "دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی حەماس".

لای خۆیەوە بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دژی هەر ڕێککەوتنێک دەبێت کە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەهێنێت.

سمۆتریچ دەڵێت: دڵنیاتان دەکەمەوە ئەمە ڕوونادات، من لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ نەتانیاهۆ گفتوگۆ دەکەم.

شەوی شەممە، نەتانیاهۆ ڕەتکردنەوەی ئەو هەموارکردنانەی ڕاگەیاند، حەماس دەیەوێت بۆ پێشنیازی ئاگربەست بۆ کەرتی غەززە بیکات.

نووسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەو هەموارکردنانەی حەماس هەوڵی بۆ دەدات بۆ پێشنیازی قەتەر، شەوی هەینی گەیشتە دەستمان و لەلایەن ئیسرائیلەوە قبوڵ ناکرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، سەرۆک وەزیران ڕێنمایی کردین، بانگهێشتنامەکە قبوڵ بکەین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نزیک و بەردەوامبوون لە دانوستانەکان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکانمان لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازە قەتەر، کە ئیسرائیل قبووڵی کردووە".

هەروەها "بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، تیمی دانوستانکار بەرەو قەتەر بەڕێبکەون بۆ گفتوگۆکردن".

حەماس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان کە دەستبەجێ سەبارەت بە پێشنیازی ئاگربەست لە غەززە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment