ئەمەریکا.. لافاوەکەی تێکساس جەژنی سەربەخۆیی ئەمەریکای کرد بە ماتەم

پاشماوەی کامپێک لە کەناری ڕووباری گوادالوبی
پاشماوەی کامپێک لە کەناری ڕووباری گوادالوبی

یەکشەممە، 6ـی تەممووز، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی لافاوە لەناکاوەکەی تێکساس، گەیشتووەتە زیاتر لە 43 مردوو، کە 15یان منداڵن. تیمەکانی فریاگوزاری بە دوای دەیان گەشتیار و دانیشتوواندا دەگەڕێن کە ‌تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

دوێنێ ئێوارە، داڵتۆن ڕایس، بەڕێوەبەری شاری کەیرفیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "27 کچ، کە بەشداری کامپی هاوینەی 'میستیک'یان کردبوو، لە ناو بزربووەکاندان و لەوانەشە ئەو ژمارەیە زیاد بکات."

ڕایس هەروا گوتی: تیمەکانی فریاکەوتن تا ئێستە 850 کەسیان ڕزگار کردوە، ئەوەی تا ئێستا دەیزانین ئەوەیە 43 کەس مردوون کە 15یان منداڵن، بەڵام نازانین ژمارەی سەرجەم قوربانییان چەندن؛ چونکە زانیاریی وردمان لەو بارەیەوە لا نییە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەممووز، بارانی بە لێزەمە و ناکاو، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادالوبی لە دووری 140 کیلۆمەتری شاری سان ئەنتۆنیۆ، 9 مەتر بەرز کردەوە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی و گەشتیاران، بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە هاتبوونە کەناری ڕووبارەکە و چەندان کەمپی گەنجان و قوتابیانیش لەوێ ساز کرابوون. 

هەندێک لە ئاژانسەکانی دەنگوباس دەڵێن ژمارەی مردووانی لافاوەکە گەیشتووەتە 52 کەس، بەڵام ئەمە لە لایەن دەزگا فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دەستەی نیشتمانیی چاودێریی کەشوهەوا ڕایگەیاندووە، لافاوەکە بە زۆری ناوچەی هێل کانتری تێکساسی گرتووەتەوە کە بە شارە مێژوویی و دیمەنە گەشتیارییەکانی ناسراوە. 

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment