سیمیناری تایبەت بە پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار لە وڵاتی چین بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەمموزی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بە ئامانجی زیاتر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار، شاندێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزار بەشداری لە سیمینارێک لە وڵاتی کۆماری چینی میللی دەکات.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: سیمنارەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و لە لایەن وەزارەتی بازرگانی وڵاتی چین بەڕێوە دەچێت.

هەروەها سیمینارەکە تایبەتە بە پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار و چۆنییەتی بە یەکەوە بەستنەوەی چالاکییە گەشتیاری، کولتووری و وەرزشییەکان بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

دەشڵێت: سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، لە نزیکەوە لە گەڵ نوێنەری وڵاتانی بەشداربوو گفتوگۆی کرد، بە ئامانجی درووستکردنی پردی پەیوەندیی و زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک ڕووگەیەکی گەشتیاری سەرنج ڕاکێش لە ناوچەکە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕاشیگەیاند "هەرێمی کوردستان شانازی ئەوەی پێ بەخشرا کە بە نوێنەرایەتی 10وڵاتی بەشداربوو لە مەراسیمی کردنەوەی سیمینارەکە وتاری هەبێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا بە ناوی سەرجەم وڵاتانی بەشداربوو وتارێکم پێشکەشکرد و تێیدا سەرەڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بەناوی وڵاتانی بەشداربوو بۆ وڵاتی چین، ئاماژەمان بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ زیاتر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.