ئەمڕۆ شاندێکی دەم پارتی لە ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەکات

شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکە دەکات.
پێبشینی دەکرێت سەردانەکە پەیوەندی هەبێت بەو پەیامەی ئۆجەلان بڕیارە لەم هەفتەیە بڵاوی بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە بەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.
هەرچەندە پێشتر بڕیاربوو، شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆکیی تورکیا سەردانی ئۆجەلان بکەن، بەڵام سەردانەکەی ئیمراڵی پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان خراوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت، تەنیا بڵاوکراوەتەوە، کە شاندی دەم پارتی 10ی ئەم مانگە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هەر لەسەر پرۆسەی ئاشتی کۆ دەبنەوە،
شاندەکەش پێکهاتووە لە:
- پەروین بوڵدان - پەرلەمانتاری دەم پارتی
- میدحەت سانجار - پەرلەمانتاری دەم پارتی
- ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ – پارێزەر
دوای سەردانەکەش بڕیاروایە، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو بکاتەوە.
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پێشتر لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵیان کرد، دوای ئەو سەردانەش تەنیا لەمساڵدا لە 22ی کانوونی دووەم، 27ی شوبات، 21ی نیسان و 18ی ئایاری 2025 چوار جاری دیکە سەردانی ئۆجەلانیان کردووەتەوە .