پزیشکێکی کورد لە لیستی 100 باشترین پزیشکی جیهان بۆ ساڵی 2025 هەڵبژێردرا

دکتۆر فوئاد سورچی، پزیشکی ددان لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا لەلایەن پەیمانگای لوتکەی جیهانەوە بە فەرمی لەنێو "100 باشترین پزیشکی جیهان" بۆ ساڵی 2025 هەڵبژێردرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هەزاران پزیشک و پسپۆڕ جیهانی بەشدارییان کردبوو و لەنێو زیاتر لە 150 وڵاتی جیهانی فوئاد سورچی، هەڵبژێردرا.

دکتۆر فوئاد سورچی، بچووکترین پزیشکە لە نێوان هەموو ئەو ناوانەی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە هەڵبژێردراون، ئەویش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەری ورد، لەوانە لێهاتوویی پیشەیی، باشی توێژینەوە، خزمەتکردنی کۆمەڵگا، و بەشداریکردن لە پەروەردە و ڕاهێنانی پزیشکی بووە.

فوئاد سورچی، لە ڕێوڕەسمەکەدا سیمپۆزیۆمێکی زانستی پزیشکیی پێشکەش کرد و تێڕوانینێکی گشتیی قەڵای هەولێری لەسەر شاشە پێشکەش بە دەستەی دادوەری نێودەوڵەتی و سەدان پزیشکی ئامادەبوو کرد. لەم هەنگاوە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستانە لەڕێوڕەسمە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان.

دکتۆر سورچی لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان 24 گوتی: بەشداری کردنم لەم  ڕێوڕەسمە، بۆ ئەزموونی پەروەردەیی و پزیشکی هەرێم، هەروەها دروستکردنی مۆدێلێک بۆ نەوەکانی داهاتوو لەگەڵ بەهێزکردنی کوردستان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیی بووە.

ناوی پزیشکە هەڵبژێردراوەکان لە لیستی "Top 100 Doc" لەگەڵ وێنە و زانیارییە فەرمییەکانیان، لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها لە توێژینەوە پزیشکییە تایبەتمەندەکاندا جێگیر دەکرێن، بەمەش پێگەی پیشەیی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز دەکەنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment