تەندروستیی کەربەلا: لە سێ ڕۆژدا زیاتر لە 35 هەزار زیارەتکار سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە

تەندروستی کەربەلا، کۆی ئەو خزمەتگوزارییانەی لەماوەی سێ ڕۆژدا پێشکەشی زیارەتکارانی عاشوورا کراوە، ئاشکرا کرد.
یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، فەرمانگەی تەندروستی کەربەلا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "35 هەزار و 528 هاووڵاتی و زیارەتکار سەردانی دامەزراوە تەندروستییەکان و ناوەندە فریاگوزارییەکانیان کردووە، ئاماژەی بەوەش دراوە، 971 نەخۆش بە ئەمبولانس گواستراونەتەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ژمارەی ئەو پشکنینانەی کە بە ئامێری تیشک کراون، گەیشتووەتە دوو هەزار و 629 پشکنین، هەروەها پێنج هەزار و 773 پشکنینی تاقیگەیی، 428 سۆنار و 336 پشکنینی سی تی و ئێم ئاڕ ئای کراوە."
تەندروستی کەربەلا ڕاشیگەیاند، 119 منداڵ بە سروشتیی و نەشتەرگەریی لەدایکبوون، هەروەها 241 نەشتەرگەری جۆراوجۆریش کراوە.
زیارەتى عاشورا لە کەربەلا یەکێکە لە بۆنە ئاینییەکانی شیعە مەزهەب، بەو پێیەی ملیۆنان کەس یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن کوڕی عەلی کە لە 10ـی موحەڕەم لە ساڵی 61ـی کۆچی لە کەربەلا شەهید کرا، دەکەنەوە.