باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، سەرلەنوێ کرایەوە

ئاڵای سویسرا و کۆماری ئیسلامیی ئێران
ئاڵای سویسرا و کۆماری ئیسلامیی ئێران

یەکشەممە، 6ـی تەممووز 2025، ئاژانسی  هەواڵی میهر، سەرلەنوێ کرانەوەی باڵێوزخانەی سویسرای لە تاران، ڕاگەیاند، کە پێشتر بە هۆی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بە شێوەیەکی کاتی داخرابوو.

ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە "باڵیۆزخانەی سویسرا، وەک هەمیشە، نوێنەرایەتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئیران، لە چوارچێوەی ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکاندا وە ئەستۆوە دەگرێت." 

بە گوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، بڕیاری دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکە، پاش هەڵسەنگاندنێکی گشتیی دەربارەی مەترسییەکان و بە هاوکاریی ئێران و ئەمەریکا، دراوە و بارودۆخی ئێستا بۆ دەستپێکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەکە، گونجاوە. بەڵام هێشتا خزمەتگوزارییەکانی کۆنسوڵگەری، وەک پێدانی ڤیزا، بەردەست نابێت.

 سەرجەم نوێنەرایەتییەکانی سویسرا لە دەرەوەی وڵاتەکە، بەرنامەیەکی ناکاوییان بۆ کارکردن لە بارودۆخی ئەمنیی ونالەبار، هەیە کە بەردوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، باڵیۆزخانەکانی هۆڵەندا، سوید، بەریتانیا، فەرەنسا، هیندستان، ئیتالیا و سویسرا، لە تاران، بۆ ماوەیەکی کاتی، داخران. 

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیرانی 2025 بە هێرشی چڕی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و کوشتنی چەندان فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی دەستی پێ کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment