کوێستان محەممەد: کەناڵێکی کوردی بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی دەدات

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: لە کاتی چاوپێکەوتنم لەگەڵ کەناڵێکی کوردی، هەڵایەک بە بەرنامەرێژی و کە دەستێکی سیاسی لە پشتە دروست کرا لەسەر وەڵامەکانم. گوتیشی: بە داخەوە بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن قسەکانم شێوێندرا و هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی دەدرێت.

یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوی کردەوە تێدا هاتووە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە مافی کرێکار و زیاتریش دەستەبەرکردنی کرێکاران، کەناڵێکی کوردی چەند جارێک پەیوەندییان پێوە کردم تا لەسەر خاڵی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەم، بەوە ڕازی بوون تەنیا لەسەر مافی کرێکار و دەستەبەرکردنی کرێکار قسە بکەم.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، بە داخەوە کەناڵەکە ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵمان و کەمترین کاتیان بۆ  ئەو بابەتە تەرخان کرد کە  بانگهێشت کرابووین بۆی، نەدەکرا لە چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕاستەوخۆ بوو ستۆدیۆ جێبهێڵم، ئێستاش کە هەڵایەک بە بەرنامەرێژی و دەستێکی سیاسی لە پشتەوە دروست کراوە لەسەر وەڵامەکانم، کە ئەو دوو وەڵامەش هەردووکیان قسەی وەزیرە پەیوەندیدارەکانە، سەبارەت بەوەی گوتوومە وەزارەتی دارایی 160 ملیار دیناری لەبەردەستە ئەوە قسەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابووریش بوو ئەوەش بە مانای ئەوە نەبووە کە داهات ئەوەندەیە، نەخێر گوتیان لەئێستادا ئەوەندە لەبەردەستە.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوە دا، سەبارەت بە داهاتی نەوتیش تەنیا قسەی وەزیری سامانە سروشتییەکان بووە هەردوو زانیارییەکەش زۆربەی خودی کەناڵەکانیش پێش چاوپێکەوتنەکەی ئێمەش بڵاویان کردووتەوە، بەڵام بە داخەوەم کە بە بەرنامە و بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن قسەکانم شێوێندراوە و هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی و تێکدانی میزاجی هاووڵاتییان دەدرێت. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment