شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە پێناو چارەکردنی کێشەی مووچە زۆر هاوکار بووە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بە سوپاسەوە لەپێناو چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی دەستبەرداری هەندێ مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا .
یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نوسیوویەتی: مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ئامانجی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
باسی لەوە کرد، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە تەواوی کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە چارەکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بە زووترین کات کردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: سوپاس بۆ خودا گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و سبەی لە بەغدا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن.
گوتیشی: بە سوپاسەوە لەپێناو چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێ جار دەستبەرداری هەندێ مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا.