داواکاری گشتیی ئەنقەرە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە دەکات

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە

ڕۆژنامەکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، داواکاری گشتیی وڵاتەکە، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەکات، بەهۆی ئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وشەی نەشیاوەی بە بەرپرسانی گشتیی وڵاتەکە گوتووە.

یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەکانی تورکیا، لە نوێترین ڕاپۆرتییان ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی لێدوانەکانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کە دوێنێ لەباری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردبووی، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە لێپرسینەوە لەگەڵ ناوبراو دەکات.

ڕۆژنامەکانی ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە قسەکانیدا سووکایەتی کردووە و هەروەها هانی خەڵکی داوە بۆ ئەوەی تاوان ئەنجام بدەن.

باسیان لەوەش کردەوە، ئۆزگور ئۆزەل، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی دوێنێ، سووکایەتی و هەڕەشەی لە بەرپرسانی گشتیی وڵاتەکە کردووە.

شەممە 5ـی تەممووز 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا سێ سەرۆک شارەوانیی  دیکەی سەر بە جەهەپەیان دەستگیر کردووە.

هەمان ڕۆژ، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ناڕەزایەتی دژی ئەو بڕیارە دەربڕی و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد، هەروەها لێدوانی توندی دژی سەرۆک کۆمار و چەندین بەرپرسی دیکەی تورکیا دا.

 
 
Fly Erbil Advertisment