کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەو بڕیارەی کە هاووڵاتییانی سووری نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی 60 ڕۆژیان هەیە دەتوانن بە هاوکاری حکوومەتی هەرێم بگەڕێنەوە  وڵاتەکەیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، ڕایگەیاند: بڕیاری مۆڵەتی 60 ڕۆژە بۆ هەموو پەنابەران و هاووڵاتییانی سووری نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە درا، ڕێگەیەکی یاسایی و ئاسانکاری بۆ پەنابەران دابین دەکات بۆ گەڕانەوەیان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی وادەی ڤیزایان تێپەڕبووە یان نەتوانیوە مۆڵەتی نشینگە نوێبکەنەوە، لەم ماوەیەدا سزای زیاتر مانەوە وەك لەوەی رێگەی پێدراوە دەبەخشرێن، ئەمەش بەربەستێکی بەرچاو بۆ زۆرێک لە تاک و خێزانەکان لادەبات. 

کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، 260 هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، دوای تۆمارکردن پەنابەران دەتوانن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی دەرچووی حکوومەت، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری گشتیی و هاوکاری لە ماوەی مانەوەیان لە عێراق، هەروەها توانای هەموو هاووڵاتییانی سووری بە پەناخوازان و پەنابەرانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم بەڵگەنامەیە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ سزایەک ببنەوە.

کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی سووری بە ڕێگەیەکی ئاسان بگەڕێنەوە، یان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، یان لە ڕێگەی دەروازەی سنووری پێشخابور.

ئەم بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 15ـی حوزەیرانی 2025وە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment