ئیسرائیل نۆ پێگەی حزبوڵڵای لە لوبنان بۆمباران کرد

ئیسرائیل نۆ پێگەی حزبوڵڵای لە باکوور باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان بۆمباران کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، بڵاوی کردەوە؛ فڕۆکەجەنگییەکانی ئیسرائیل نۆ پێگەی حزبوڵڵایان لە ناوچە جیاوازەکانی لوبنان بۆمباران کردووە، بەدیاریکراویش لە ناوچەکانی؛ بەلدە فلاوی و ڕۆژئاوای پارێزگای بەعلەبەگ و کەفر مەلەکی لە باکووری لوبنان و چەند شوێنێکی دیکە.

لەوبارەیەوە ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ئەو شوێنانەی بۆمبارانیان کردووە، ژێرخانی سەربازی حزبوڵڵا و کۆگای پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی ئەو ڕێخکراوەبوون.

سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانیدا، لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، هێشتا سوپای ئێسرائیل، بەردەوام، بە درۆن و هێرشی زەمینی، پەلاماری باشووری لوبنان و دەوروبەری بەیروت دەدات؛ جگە لەوەش سوپای ئیسرائیل پێنج بنکەی لە بەرزاییەکانی باشووری لوبنان جێگیر کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment