ھۆزێكی سووری: ئەو ماوەیەی دراوەتە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەسەدە تەواوبووە و ھەبوونی سەربازە سعوودییەكان ھیچ ناگۆڕێت

20 سەرباز و ئەفسەری سعوودیە لە بنكەی ئەمەریكی لە كێڵگەی " العمر" پەترۆڵیدا ھەن

K24-  ھەولێر:

سەرۆكی ھۆزی عەگیدات، ئیبراھیم جەدعان ئەلھفل، جەختیكردەوە ھۆزەكانی عەرەبی لە رۆژھەڵاتی فورات ئامادەن بۆ ھەر سیناریۆ و لێكەوتەیەك دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی لە مانگی رابردوو بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییان دابوو.

ئەلھفل لە حەسەكە بە ئاژانسی "سپۆتنیك"ی رووسیی راگەیاندووە، ئەو سیناریۆیانەی مەزندە دەكرێن چەند بژاردەیەكی تێدایە، یەكەمیان ئەنجامدانی خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتیانەیە لە ھەموو گوندەكانی رۆژھەڵاتی دێرەزوور و ناچاركردنی گەنجانی ھۆزەكانە بە چەك فڕێدان و جیابوونەوە لە رێزەكانی "ھێزەكانی سووریای دیموكرات".

ئاشكراشیكرد، نوێنەرانی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، پەیوەندییان بە كۆمیتەی بەداوداچوون كردووە، كە نوێنەرایەتی ھۆزی عەگیدات و ژمارەیەك ھۆزی عەرەبی لە رۆژھەڵاتی دێرزوور دەكەن، بەڵام ھیچ دیداری راستەوخۆ لە نێوان خۆی و ئەواندا نەبووە.

جەختیشیكردەوە نزیكەی 20 سەرباز و ئەفسەری سعوودیە لە بنكەی ئەمەریكی لە كێڵگەی "العمر"ی پەترۆڵیدا ھەن، كه‌ دەكەوێتە سنووری ناوچەی ھۆزی عەگیدات. رەتیشیكردەوە ھیچ پەیوەندییەك روویدابێت لە نێوان ئەو ھۆزە و سەربازانی سعوودیە. ئاماژەشیكرد، تاكو ئێستا ئەركەكانی ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی سعوودی نەزانراوە.

سەرۆكی ھۆزی عەگیدات، گوتیشی: كێشەی ھۆزەكان لە ناوچەكەدا لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و"بەرپرسیارییەتی ئەمنی و تیرۆركردنی كەسەكان و دزینی نەوت وسامانی ژێر زەویی لە گوندەكانی دێرزوور و حەسەكە"ی خستە ئەستۆی ھاوپەیمانان.

ھەروەھا پابەندبوونی ھۆزی عەگیداتی دووپاتكردەوە لەو داوایانەی پێش مانگێك لە راگەیاندنێكی كۆبوونەوەی ھۆزەكە لە ناحیەی زیبان لە گوندەكانی دێرزوور بڵاویان كردبوویەوە.

سەبارەت بە كوشتنی شێخ موتەشەر ئەلھفل، كە خۆیشی لەگەڵیدا بریندار بوو، گوتی: ھۆزەكە گەیشتووەتە سەرەداوێكی گرنگ لە سەروبەندی تاوانەكە، كە ھەر دەچێتەوە ناو گومانەكانی پێشوویان، كەوا كوشتنەكە كارێكی رێكخراو بووە و مەبەست لێی لاوازكردنی تیرە و ھۆزەكانی عەرەبی بووە.