هەشت سەربازی تورکیا بەهۆی ژەهراوییبوونەوە مردن

دووشەممە، 7-7-2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە بەهۆی ژەهیراوییبوونەوە مردوون، بۆ هەشت کەس بەرزبووەوە، ئەمەش لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردن بووە لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان، کە لەوکاتەدا غازی میتانیان هەڵمژیوە .
وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، لە کاتی گەڕان و دۆزینەوەی ڕوفاتی سەربازێکی تورکیا ڕوویداوە کە پێنج سەرباز مردن بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ هەشت سەرباز.
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، 11 سەربازی دیکە کە غازیان لە ئەشکەوتەکەدا هەڵمژیوە و ژەهراویبوون، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەی پێویست.
ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە کە سەربازەکان بەدوای پاشماوەی سەربازێکدا دەگەڕان کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2022 لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە لەو ناوچەیە کوژرابوو، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
پێشتر وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاندبوو، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لەو ئەشکەوتەدا کە 852 مەتر بەرزە، پەکەکە پێشتر وەک نەخۆشخانە بەکاریهێناوە، 19 لە سەربازمان بەرکەوتەی غازی میتان بوون."