گەشتی ئاسمانیی نێوان تاران و سلێمانی دەست پێ دەکاتەوە

هێڵی ئاسمانی ماهان ڕایگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکانیان لە 18 تەممووزەوە لەنێوان تاران و سلێمانی دەستپێدەکەنەوە.
بەشی پەیوەندیەگشتیەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن هێڵی ئاسمانی ماهان ئێرەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نێردراوە، بڕیارە لە 18ـی تەممووزی 2025ـەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان لە نێوان تاران-سلێمانی-تاران دەست پێبکەنەوە.
دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەم مانگەدا، هێڵی ئاسمانیی ماهان ئێر لە هەفتەیەکدا تەنها یەک گەشت لەنێوان هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تاران دەکات، بۆ مانگی داهاتوو، هەفتانە دوو گەشت لەنێوان ئەم دوو فڕۆکەخانەیە دەکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشی فراوانی ئاسمانی کردە سەر ئێران و ژمارەیەک پێگەی سەربازی و وێستگەی ئەتۆمی بۆمباران کرد.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 20 فەرماندەی سەربازی و 17 زانای ئەتۆمی کوژران،هەروەها چەندین پێگەی سەربازی و ئەمنی لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، کەرەج، و تەروێز و کرماشان بۆمباران کران و وەک بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، توانیویانە ئامانجەکانیان بەدەست بێنن.
بەهۆی دەستپێکردنی ئەو جەنگەش، ئێران تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی لەنێوخۆی وڵات و دەرەوەی هەڵپەسارد، هەرێمی کوردستانیش کە بەشێکی پەیوەندییەکان و بەستنەوەکانی لەگەڵ ئێران لەڕێگەی ئاسمانییەوە، پەکی کەوت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش، پشتی بە هاموشۆی وشکانیی بەست کە ڕێگەیەکی سەرەکی بازرگانیی و گەشتیاریی نێوان هەردوولایە.