ئەو سەربازە ئەمەریکییەی دەیان دیلی کوردی لە دەستی داعش رزگارکرد، خەڵات کرا

ترەمپ مەدالیای شەرەفی پێبەخشی

K24 - هەولێر

مەدالیای شەرەف بەخشرایە سەربازێکی ئەمەریکی، کە لە ساڵی 2015 رۆڵی بینیوە لە رزگارکردنی دەیان دیلی کوردی دەستی داعش، کە خەریک بووە لەلایەن چەکدارانی داعش شەهید بکرێن.

سەربازە ئەمەریکییەکە ناوی تۆماس پاین-ە، سەرکردایەتیی تیمێکی کرد بۆ رزگارکردنی دەیان دیلی کوردی دەستی داعش، کە لە حەویجە لەنێو دوو باڵەخانە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر بوون.

 

بەپێی کۆشکی سپی، پاین و تیمەکەی رووبەڕووی دەستڕێژی گوللـەی چەکدار و خۆکوژانی داعش بوونەتەوە و توانییویانە 38 دیل لە یەکێک لە دوو باڵەخانەکە ئازاد بکەن.

چەند خولەکیک دواترن، پەیامێکی بێتەلیان پێگەیشتووە کە ئەندامانی دیکەی تیمەکەیان رووبەڕووی شەڕێکی سەخت بوونەتەوە لە باڵەخانەیەکی دیکە، لەنێوان 10 بۆ 20 سەربازی ئەمەریکی کە پاین یەکێک بووە لەوان روویانکردووەتە باڵەخانەکە، بەڵام لەوکاتەدا باڵەخانەکە ئاگری گرتووە.

بەپێی کۆشکی سپی، تیمەکە بە پەیژەیەک چوونەتە سەر باڵەخانەکەوە و بە گوللـە رووبەڕووی چەکدار و خۆکوژەکانی داعش بوونەتەوە، دوای ئەوەی چوونەتە ناو باڵەخانەکە، کۆماندۆی ئەمەریکی و کورد بە هاوبەشی چوونەتە نێو باڵەخانەکە هەرچەندە ئەوکاتە پڕ بووە لە ئاگر.

پاین دووجاری دیکە چووەتە نێو باڵەخانەکە بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی هیچ یەکێک لە دیلەکان لەوێ جێنەماوە.

دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وتاریکیدا لە مەراسیمی بەخشینی مەدالیای شەرەف بە پاین گوتی "پاین، بەهیچ جۆرێک ئەوێی جێنەهێشت، گرنگ نەبوو کێ فەرمانی پێکرد. ئەو، ئەوێی جێنەدەهێشت. دوایین کەس بووە لە باڵەخانەکە هاتووەتە دەرەوە، ئەمەش یەکێک لە گەورەترین و ئازایانەترین ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن بووە لە مێژووی ئەمەریکادا".

مەراسیمەکە، دوێنێ 11ـی سێپتەمبەر لە کۆشکی سپی سازکرا. ترەمپ دەڵێ ئەو رۆژەی دەستنیشانکردووە تاوەکو تێیدا مەدالیاکە ببەخشێتە پاین، چونکە پاین دوای تەقینەوەکانی 11ـی سێپتەمبەر بڕیاری داوە ببێتە سەرباز، کە ئەوکاتە خوێندکاری ئامادەیی بووە.

Fly Erbil Advertisment