فەڵەستینییەکان متمانەیان بە ئەمەریکا و ئیسرائیل نییە

سێشەممە، 8ـی تەممووز 2025، ئاژانسی هەواڵی RFAی فەرەنسی، ڕایگەیاند، هەرچەند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پشتیوانیی دابینکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە غەززە دەکات، بەڵام فەڵەستینییەکان متمانەیان بەو قسانەی ترەمپ، نییە.
ئەلیس مۆنرۆ، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی RFA ی فەرەنسی، لە شاری ڕامەڵڵا، دەڵێت: سەرباری جەختکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ و بنایامین ناتانیاهۆ دەربارەی دابینکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیر بۆ کەرتی غەززە، بەڵام فەڵەستینییەکانی دانیشتووی کەرتی ڕۆژاوا، بە گشتیی بڕوا بە گفت و قسەکانی ڕێبەرانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ناکەن و ئەو قسانە بە جۆرێک لە پرۆپاگەندەی سیاسی لە قەڵەم دەدەن.
ڕانیە، کچە قوتابییەکی بەشی مافە لە ڕامەڵڵا، بە پەیامنیری RFAی گوت: ڕێبەرانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بابەتی ئاگربەستی غەززە و دابینکردنی ئاشتی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان بەکار دەهێنن؛ ئەوان دەیانەوێ خۆیان وەک کەسانێک کە هەوڵی ئاگربەست و چەسپاندنی ئاشتی دەکەن، نیشان بدەن.
ڕانیە، لای وایە، ئاگربەستی 60 ڕۆژەی پێشوو، تەنیا بۆ حەسانەوە و هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی حەماس بوو، تاوەکوو هێرشەکانیان بۆ غەززە بەوپەڕی سەختییەوە دەست پێ بکەنەوە.
جەوال، لە ڕامەڵڵا شۆفێری تاکسییە و هاوڕای ڕانییەیە. ئەو ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات و دەڵێت: ئیسرائیل داگیرکەرێکی فێڵبازە.
جەوال، نەک هەر بڕوا بە ئیسرائیل ناکات، بەڵکو ڕۆڵی ئەمەریکا و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبیش بۆ سەپاندنی ئاگربەست و دابینکردنی ئاشتی، لە غەززە بە بێمانا دەزانێت. "ترەمپ و ناتانیاهو یان سەرۆک کۆماری فەرانسە، هەر هەموویان بۆ ئێمەی فەڵەستینی جیاوازییان نییە.. ئەوان پشتیوانیی ناتانیاهۆی بکوژی منداڵانی غەززەن. کەس دڵی بە منداڵانی غەززە ناسووتێت.
ئەم هەڵوێستەی فەڵەستینییەکان لە کاتێکدایە، بابەتی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، بەردەوام لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە باس دەکرێت.