لایەنە کوردستانییەکان: ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە نایاسایی کاری لەسەر قەرەتەپە و جەلەولا کردووە

لەبارەی دیمۆگرافیای گەرمیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، لایەنە کوردستانییەکان هەڵوێستیی خۆیان ڕاگەیاند و دەڵێن، ئەو پرسە نیشتمانییە و پەیوەندی بە چارەنووسی هەموومانەوە هەیە و ڕێگریی لەو کارە نایاساییە دەکەین.
سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، شێرکۆ میر وەیس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین لە کۆنفرانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە وەکوو هێز و لایەنە سیاسییەکان، نوێنەرانی خۆمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاسپاردوون، هەموو ئەو بڕگە نایاساییانە دەستنیشان بکەن دەربارەی ئەم ناوچەیە کە دەستی بۆبراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو پرسە نەکراوە کە قەرەتەپە یان جەلەولا ببێتە قەزا، بۆیە دیارە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەشێوەیەکی نایاسایی دەستی بۆ ئەم پرسە بردووە و بە نووسراوی داخراویش وەزارەتی پلاندانانی ئاگادار کردووەتەوە.
شێرکۆ میر وەیس ڕاشیگەیاند، ئەم ناوچانە، ناوچەی ماددەی 140ـە، بۆیە بەپێی دەستوور تاوەکوو دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی نەبێتەوە و ڕاپرسی نەکرێت، نابێت بەنادەستووری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دەشڵێت: لەسەر ئەم پرسە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دوورخراوەتەوە، چونکە یەکێک لەو خاڵانەی لەسەری دوورخراوەتەوە پرسی قەرەتەپە و جەلەولا بووە.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین باسی لەوەش کرد، هەموو هێزو لایەن سیاسییەکانی کوردستان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی ئەو پرسە نیشتمانییە و پەیوەندی بە چارەنووسی هەموومانەوە هەیە، بۆیە هەموومان یەک دەست و یەک دەنگین، هەروەها وەزیر و نوێنەرەکانمان لەبەغدا لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی ڕێگریی لەو کارە نایاساییە بگرین.