لێکۆڵەرانی ئیسرائیلی: سکاڵا دژی حەماس تۆمار دەکەین

بەرگی ڕاپۆرتەکە لە ژێر دەستی  ئافرەتێکی ئیسرائیلیدا
بەرگی ڕاپۆرتەکە لە ژێر دەستی ئافرەتێکی ئیسرائیلیدا

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لێکۆڵەرە ئیسرائیلییەکان ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە هەڵسوکەوتی نەگونجاوی چەکدارانی حەماس لە کاتی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئامادە کردووە.

چوارشەممە، 9ـی تەممووز، 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵەرانی ئیسرائیلی لە زانکۆی بار ئیلان، کردووە، تێیدا چەکدارانی حەماسیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە کاتی ‌هێرشە فراوانەکەیاندا لە ڕۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ سەر کۆمەڵگە نیشتەجێیەکانی ئیسرائیل، دەستدرێژییان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی. 

ڕاپۆرتەکە، لە زاری 17 شایەتحاڵەوە باس لەوە دەکات "لە کاتی ‌هێرشەکەدا، چەکدارانی حەماس دەستدرێژییان کردووەتە سەر 15 کەس لە چەند شوێنی جیاوازدا و هەروەها ئەندامی زاوزێی چەند کەسێکیان بڕیووە." 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، چەندان لاشەی ڕووت، یان نیوەڕووتی دانیشتوانی کۆمەڵگەکەیان دۆزیوەتەوە کە هەندێکیان بە ستوونی کارەبا، یان دارەوە بەسترابوون و جێی گولـلە بە لەشیانەوە دیار بووە.

لێکۆڵەرە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە، بە نیازن دۆسییەکی تایبەت بەم بابەتە بۆ سكاڵا دژی حەماس، ئامادە بکەن.

ڕۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس، هێرشێکی لەناکاو و فراوانیان، بە ناوی (گەردەلوولی ئەقسا) کردە سەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جووەکان لە ئیسرائیل و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئیسرائیلیان بە بارمتە گرت، کە تا ئێستاش ژمارەیەکیان لای حەماس ماون و ئازاد نەکراون.

 

 
Fly Erbil Advertisment