ناتانیاهۆ: فەڵەستینییەکان لە غەززە دەرناکەین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئێمە فەڵەستینییەکان لە غەززە دەرناکەین و ترەمپیش پێشنیازی ئەوەی نەکردووە، بەڵکو ئەوان سەرپشکن لە مانەوە یان جێهێشتنی کەرتەکە.

چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن، گوتی: من و ترەمپ لەسەر پێویستی ئازادکردنی بارمتەکان هاوڕاین، هەروەها نابێت غەززە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردەوە، کە دەیانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە بێنن. گوتیشی: ئێمە فەڵەستینییەکان لە غەززە دەرناکەین و ترەمپیش پێشنیازی ئەوەی نەکردووە.

باسی لەوەش کرد، فەڵەستینییەکان سەرپشکن لە مانەوە یان جێهێشتنی غەززە.

هەر ئەمڕۆ، جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەسەر هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمته‌كان جیددییە. گوتیشی: پێم وایە ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنین.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر گەیشتینە ئاگربەستێکی کاتی، ئەوا هەوڵ بۆ به‌دیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەدەین.

سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئاگربەستی غەززە زۆر نزیکە و هیوادارین لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ئاگربەستی 60 ڕۆژە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment