تورکیا.. سەدان بەرهەڵستکاری ئەردۆغان دەستگیر کراون

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی ئیستانبوڵ (ئەرشیف)
دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی ئیستانبوڵ (ئەرشیف)

لە 9 مانگی ڕابردوودا، پتر لە 500 کەس لە بەرهەڵستکارانی سیاسیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی تایبەتدا دەستگیر کراون.

پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "لە ماوەی ڕابردوودا بەرهەڵستکارە سیاسییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی بێوێنە بوونەتەوە، بە جۆرێک لە نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 500 کەسیان دەستگیر کراون"

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت:  دەستگیرکردنی ئەو کەسانە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕێکی گەندەڵیی گەورەدایە. 

ئەم هەڵمەتە، سەرەتا لە ئیستانبوڵەوە دەستی پێ کرد و دواتر سەرانسەری تورکیای گرتەوە بەڵام تەنیا ئەو شارەوانییانەی گرتووەتەوە کە لەلایەن 'جەهەپە'وە بەڕێوە دەبرێن.

جەهەپە، سەرجەم ئەو تۆمەتانە ئاراستەی کراون، ڕەت دەکاتەوە و بە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ پەکخستنی پرۆسەی دیموکراسی تورکیا، لە لایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە لە قەڵەمی دەدات. 

لە ماوەی دووجار سەرۆکایەتیی ئەردۆغاندا، سەرکوتکردنی بەرهەڵستکاران توند تر بووە، هەر بۆیە، دیپلۆمات و شرۆڤەکارانی سیاسی لایان وایە کە پارتەکەی ئەردۆغان، سەرباری خۆپیشاندانە جەماوەرییە گەورەکانی بەهاری ڕابردوو، تەنها ڕەخنەی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان، بە هەڕەشە لەسەر دیموکراتی دەزانێت.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا 14 سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی جەهەپە، لە نێویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ڕکابەری سەرەکیی ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ و زیاتر لە 200 ئەندام، یان بەرپرسی باڵای جەهەپە، لە زیندانەکاندا چاوەڕێی دادگایی کردنن.

ئەرتوغۆل گۆنای، وەزیری پێشووی کولتوور و گەشتیاریی کابینەی پێشووی ئەردۆغان، لە ساڵانی 2007 تا 2013دا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە: ئەم هەڵمەتە، لە بریتی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەی متمانە پێکراو، وەک هۆکارێک بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بەکار دەهێنرێت؛ ئەمە نیشانەی ترس و هەڵچوونی پارتەکەی ئەردۆغانە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

گۆنای، پاش ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە دەوڵەت لە ساڵی 2013، دەستی لە پۆستی وەزارەت و ئەندامییەتی پارتی 'ئا کە پە' کێشایەوە.

ئەردۆغان و وەزیرەکانی، چەندان جار ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و دەڵێن: هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە لایەن دادگە سەربەخۆکانەوە بەڕێوە دەچێت و پەیوەندی بە پارتی دەسەڵاتدار و دەوڵەتەوە نییە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment