په‌رله‌مانتارێكی توركیا: ئه‌نقه‌ره ژماره‌ی زیندانیانی تووشبووی كۆرۆنا ده‌شارێته‌وه
هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له ناو زیندانه‌كان بڵاونه‌كردووه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی توركیا له فراكسیۆنی پارتی گه‌لانی دیموكراتی(هه‌ده‌په)، "عومه‌ر فاروق جه‌رجیرلی ئۆغلۆ" رایگه‌یاند، حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره، ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له زیندانه‌كانی وڵات‌دا ده‌شارێته‌وه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشی: "حكومه‌ت له مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆی رابردووه‌وه هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له ناو زیندانه‌كان بڵاونه‌كردووه. ئه‌مه له كاتێكدایه زانیاری درووست له‌به‌رده‌سته، كه كۆرۆنا له ناو زیندانه‌كان بڵاو بووه‌ته‌وه. بێگومان به‌و كاره‌شی حكومه‌ت به‌رپرسیار ده‌بێت له تێكچوونی ره‌وشی ته‌ندرووستی هه‌ر ده‌ستگیركراوێك، كه نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هه‌بێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هه‌ده‌په، ئه‌ندامه له لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی توركیا و باسی له‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌ت له‌و باره‌یه‌وه قسه‌ی كردووه، به‌ڵام به‌رپرسانی حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره تا ئێستا ئاماده نین هیچ زانیارییه‌ك له باره‌ی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا بخه‌نه‌ڕوو.
به گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركیا، تا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (13ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، 7 هه‌زار كه‌س به كۆرۆنا مردوون و نزیكه‌ی 90 هه‌زار كه‌سیش تووشی په‌تاكه بوون.