ئیسرائیل داوا لە ئەمەریکا دەکات هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دەست پێبکاتەوە

ئیسرائیل داوای لە ئەمەریکا کرد، هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دەستپێبکاتەوە، ئەمەش بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گرووپە بەرەو خاکی ئیسرائیل.
دەزگای پەخشی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، هێرشی مووشەکی یەمەن لە دەریای سوور، بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و وڵاتەکەی پەرەی سەندووە. هەر بۆیە داوای لە ئەمەریکا دەکات هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دەست پێبکاتەوە ژێرخانی ئەو گرووپە لەناو بەرێت.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە زیاتر لە مووشەکێک لە یەمەنەوە بە ئاراستەی وڵاتەکەیان هەڵدراوە و ڕێگرییان لێکردووە.
حووسییەکان لەم هەفتەدا چەندان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و بووەتە هۆی نقومبوونی دووکەشتی لە دەریای سوور و ڕفاندنی ژمارەیەک دەریاوان، ئەمە جگە لە کوژرانی 60 کەس لەکاتی هێرشەکەیان بۆ سەر کەشتیی دەریای ئینتەر نیتی سی لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەدا.
ڕۆژی دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەدرۆن و 11مووشەک، چەند شوێنێکی ئیسرائیلیان بۆمباران کردووە و لەوانە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و بەندەری ئەشدۆد".
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو مووشەک و درۆنەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە و سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئیسرائیلیش نەیتوانیوە ڕێگرییان لێبکات".