ناتانیاهۆ هەڕەشە لە ئێران دەکاتەوە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە ئێران دەکات لە حاڵەتێکدا هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی بداتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانیی دوایی بۆ ئەمەریکا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە، هێرش دەکاتەوە سەر ئێران ئەگەر بیانەوێت جارێکی دیکە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بدەن.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی کردووە، تاوەکو بۆی دەکرێت، ئیسرائیل بژاردەی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئێران بەکاربێنێت نەوەک جەنگ، بەڵام هیچ ناڕەزاییەکی بەرانبەر بڕیارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ دەرنەبڕیووە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل لەسەر بنەمای ڕژدی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بڕیار لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەداتەوە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتە، گوتیشی: ئیسرائیل هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەمەریکا دەدات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت هەڕەشەی زیاتر لە ئێران بکرێت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، بۆ ئەوەی ڕازی بێت دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەربدات، دەشڵێت: ترەمپ فشاری زۆر لە ناتانیاهۆ دەکات، ڕێگەی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئێران بگرێتە بەر لە بری هێرش کردن،ناتانیاهۆش هەمیشە داوای پێکردنی گلۆپی سەوزی ئەمەریکا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.