بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوا: داواکارین ئەوەی تاوانبارە لە رووداوەکە، سزابدرێت

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەولێرە

K24 - هەولێر

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی دوێنێی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر پێکهێنراوە بۆ زانینی هۆکاری دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان کەسوکاری نەخۆشێک و، پزیشک و ژمارەیەک کارمەندی نەخۆشخانەکە.

دکتۆر کاروان نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر لەبارەی رووداوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "کاتژمێر 11:00ـی دوێنێ، نەخۆشەکە باری تەندروستیی ناجێگیر بوو، لەناکاو بەرەو خراپتر چوو، ئەوەی لە رووی پزیشکییەوە پێویست بوو بۆی کرا، وەکو بووژانەوەی دڵ، پێدانی دەرمانی پێویست و ئۆکسجین، بەڵام بەداخەوە گیانی لەدەستدا".

کەسوکاری نەخۆشەکە کە لە نەخۆشخانە بوون، راستەوخۆ بەگوتەی دکتۆر کاروان "بە بۆکس و شەق لە پزیشکیان داوە و هەموو رووخساریان بریندار کردووە، هەروەها لە کارگوزاریان داوە، دواتر کێشەکە گەورە بوو، پەیوەندییان بە دەرەوە کرد و خەڵکێکی زۆریان هاتنە ژوورەوە و لەگەڵ زێرەڤانیش کێشەیان دروستکردبوو و لە زێرەڤانییەکیان دابوو، هەروەها لە کارمەندانی پرسگەشیان داوە".

وەزارەتی تەندروستی دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پەیوەندی بە نەخۆشخانەکەوە کردووە و پێیڕاگەیاندوون تەواوی دامودەزگای پەیوەندیدار رێکاری یاسایی دەگرنەبەر بۆ بەسزاگەیشتنی تاوانباران و، پاراستنی شکۆی نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە هەروەها گوتی "ئێمە داواکارین یاسا سەروەر بێت، ئەوەی تاوانبارە لەو رووداوە، سزابدرێت"، جەختیشی کردەوە لەوەی "هیچ کەمتەرخەمییەک لە نەخۆشخانەوە نەبووە".

شەوی پێش گیانلەدەستدانی ژنەکە

پێش ئەوەی ئەو ژنە (بە کۆرۆنا) کۆچی دوایی بکات، بەگوتەی دکتۆر کاروان "پێویستی بە چاودێریی چڕ بوو، چونکە رەوشی ناجێگیر بووە، ئێمە شوێنی چاودێریی چڕی چۆڵمان نەبوو، چونکە هەشت قەرەوێڵەمان هەبوو و هەموویان پڕ بوون، بۆیە شوێنێکی دیکەمان لە نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ پێشنیاز کردن و گوتمان هەماهەنگیتان بۆ دەکەین، بەڵام گوتیان نایبەین، چونکە هەرکەسێک چووە، لەوێ مردووە".

هـ.ر.