کەناری ڕۆژئاوا.. هاووڵاتییەکی ئەمەریکیی بە ڕەگەز فەڵەستینی کوژرا

سەیفوڵڵا مەسڵەت
سەیفوڵڵا مەسڵەت

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئەمەریکیی بە ڕەگەز فەڵەستینی لە نزیک ڕامەڵڵا، لە لایەن جووە نیشتەجێکراوەکانەوە کوژراوە.

شەممە،12ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕایگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هاووڵاتییەکی ئەمەریکیی بە ڕەگەز فەڵەستینی، بە  ناوی سەیفوڵڵا مەسڵەت، تەمەن 22 ساڵ،  کە بۆ سەردانی خێزانەکەی گەڕابووەوە فەڵەستین، لە لایەن جووە نیشتەجێکراوەکانەوە کوژراوە. ئەوان، ماوەی 3 کاتژمێر ڕێگەیان نەداوە ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتن بگەنە فریای سەیفوڵڵا مەسڵەت."

محەممەد نائل حجاز، هاوڕێی سەیفوڵلا، بە پەیامنێرانی فەڵەستینی گوتووە: من پێش هەمووان گەیشتمە سەر سەیفوڵڵا، ئەو لە پەلوپۆ کەوتبوو و بە زەحمەت هەناسەی دەدا؛ دواتر، پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی سپارد.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین هەروا ڕایگەیاند "ماوەیەکی کورت پێش هێرشکردنە سەر سەیفوڵڵا، لاوێکی فەڵەستینی دیکە بە ناوی ڕازق حوسێن چەلەبی، تەمەن 23 ساڵ، هەر لە نزیک ڕامەڵڵا، بە گولـلە کوژراوە. کەسوکاری هەردوو قوربانییەکە، بڕیاریان داوە سبەینێ یەکشەممە، پێکەوە بە خاکیان بسپێرن."

سوپای ئیسرائیل لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرانبەر بە کوژرانی ئەو دوو گەنجە ڕایگەیاند "فەڵەستینیەکان بەردبارانی جووەکانیان کردووە و ئێمە ئاگادارین لەوەی فەڵەستینییەک کوژراوە و لەو بارەوە لێکۆڵینەوە دەکەین."

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هەواڵی کوژرانی هاووڵاتییەکی ئەمەریکیمان لە کەناری ڕۆژئاوا پێ گەیشت. داوا دەکەین لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەو ڕووداوە بکرێت و سزای ئەو جووە نیشتەجێکراوە تاوانبارانە بدرێت کە سەیفوڵڵا مەسڵەتیان کوشتووە."

پاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، شەپۆلی توندوتیژیی لە نێوان جووە نیشتەجێکراوەکانی کەناری ڕۆژاوا و فەڵەستینییەکاندا زیاتر بووە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار فەڵەستینی کوژراون  9 هەزاری دیکەش بریندار بوونە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment